رەھەند لە وەرزێکی نوێدا

وەک زۆربەی خوێنەران ئاگادارن، ماوەیەکی درێژە گۆڤاری رەھەند بەهۆی چەندەها هۆکارەوە دەرناچێت. زۆر لە خوێنەرانیش، بەتایبەت ئەوانەی حەزیان لە فیکری تیۆری و زانستی ھەیە، دەزانن دەرنەچوونی رەھەند بۆشاییەکی جێهێشتووە کە پڕکردنەوەی هەم پێویستە و هەم ئاسانیش نییە. دیارە ئێمە، ھەڵسوڕێنەرانی سەرەکی گۆڤارەکە، خواستی کارکردنمان و پڕۆژەی رۆشنبیریمان بەتەنھا بە گۆڤاری رەھەندەوە گرێنەداوە، بەڵام نەمانی رەھەند چ لەدەرون و چ لە ژیانماندا وەک لەدەستدانێکی ڕەمزی کەوتۆتەوە. ڕاستە ئێمە بەبێ رەھەندیش بە شێوەی جۆراوجۆر لە نووسین و بڵاوکردنەوەدا بەردەوامبووین، بەڵام پڕۆژەکەمان لەگەڵ رەھەنددا پتر قورسایی سیمبۆڵی و فیکری و بارستایی ڕاستەقینەی شوناسی خۆی دۆزیوەتەوە، بەتایبەتی لەلای ئەو نەوەیەی کە پرسیاری رەخنەگرانەی ھەیە و بەدوای فیکری تیۆری و زانستییدا دەگەڕێت. بەدیوێکی دیشدا بارودۆخی ڕۆشنبیریی کوردستان و ئەو ستراتیژەی بڕێکی زۆری میدیا و دەزگا ڕۆشنبیرییە ئاراستەکراوەکان لەسەری ئیشدەکەن، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ مرۆڤی ئێمە بەرەو کاڵبینی و سادەفیکری دەبات. لەم ساتەدا چ بۆ ئێمە وەک نوسەر و مرۆڤ، چ بۆ فیکری تیۆری و رەخنەیی لەم دەڤەرەدا، زیاد لە رووبەرێک پێویستە بۆ ئەوەی ئیشیتیابکرێت. ئەم ھەوڵە نوێیەی ئێمەش کۆششێکە بۆ دووبارەکۆکردنەوەی کۆی ئەو قەڵەمە زانستییانەی کە دەیانەوێت لە رێگای ئەم سەکۆیەوە کاری ڕاستەقینە لە دەوڵەمەندکردنی ئەو رووبەرە بکەن و پێکڕا بڕێک لەو بۆشایییە گەورەیە پڕبکەینەوە.
ئێمە بە نیازین لە سەرەتای ساڵی نوێدا دەرگا لەسەر وەرزێکی نوێی تەمەنی رەھەند بکەینەوە و توانای خۆمان بۆ زیندووکردنەوەی گۆڤارەکە بخەینە کار. دیارە رەھەند کاتێک لە ناوەڕاستی نەوەدەکان و سەرەتای ساڵانی 2000 دا دەردەچوو، ساڵانە تەنیا ژمارەیەک یان دووانی پێئامادەدەکرا، کە بەقەوارە ئەستوور و جێگای بابەت و لێکۆڵینەوەی درێژبوون. لەوەرزی نوێماندا دەمانەوێت لەو نەریتە دەرچین و گۆڤارێکی مانگانە دەربکەین کە بە ناوەڕۆک هەڵگری هەمان پەیامی فیکری و ڕۆشنبیری پێشوو بێت، بەڵام بە قەوارە بچوکتر و لە ڕیتمدا خێراتر و ووتارەکانی کورتر بێت، مانگانەش بە دیزاینێکی نوێوە لە کاتی خۆیدا دەربچێت. رەھەندی نوێ بڕیارە لەسەرەتای ساڵی داهاتوودا لە کوردستان و تاراوگە دەربکەوێت.
گۆڤارەکەمان لەوەرزی نوێیدا قورسایی دەخاتە سەر لێکۆڵینەوەی فیکری و هونەری و ئەدەبی و نایەوێت ببێتە شوێنی بابەتی وەرگێڕان و بڵاوکردنەوەی تێکستی ئەدەبی و شیکاری سیاسی ڕۆژانە، نەک لەبەرئەوەی نرخێکی گەورە لەسەر ئەو جۆرە تێکستانە دانانێن، بەڵکو لەبەرئەوەی لە ئێستای کوردستاندا ژمارەیەکی زۆر گۆڤار و ڕۆژنامە هەن، کە کاری تایبەتیان لەگەڵ ئەو جۆرە تێکستانەدایە. دیارە رەھەند یەکەم ئەزموونی گۆڤاری کوردی بوو کە لەیەککاتدا لە تاراوگە و کوردستاندا بڵاودەکرایەوە. بۆیە مەبەستمانە ئەو نەریتەی گۆڤارەکەمان بپارێزین، بەجۆرێک کە خوێنەرانی دەرەوەی وڵات لێی بێبەش نەبن. خوێنەرانی دەرەوەی وڵات دەتوانن لە ڕێگای بەشداریکردنی ساڵانەوە، بەشداری لە گۆڤارەکەمان بکەن. بۆئەم مەبەستەش لە داھاتووەیەکی نزیکدا ماڵپەڕی رەھەند نوێدەکرێتەوە و خوێنەرانی تاراوگە دەتوانن زانیارییان لەسەر نرخ و شێوەی بەشداریکردن و پەیوەندیکردن بە رەهەندەوە دەستبکەوێت.
لە ئێستادا تکامان لە ھەموو دۆست و خوێنەرانی رەھەند ئەوەیە، کە بە ئیمەیل لە خواستی بەشداربوونی ساڵانەیان بە ناردنی ناوو و ناونیشانی خۆیان، ئاگادارمان بکەنەوە، تاوەکو وێنایەکمان ھەبێت لەسەر کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی کە مەبەستیانە گۆڤارەکەیان لە دەرەوەی وڵات بە بەردەوامی بەدەستبگات.
مەبەستمانە خوێنەران و نووسەرانی ئازیزمان ئاگاداربکەینەوە، کە ئەم پڕۆژەیە وەک سەرەتا بە قۆناغێکی "خۆئەزمونکردن"دا دەڕوات و بۆ بەردەوامبوونیشی پێویستیمان بە کۆمەکی خوێنەر و قەڵەمە جیدییەکان هەیە. رەهەند وەک هەمیشە گۆڤارێکی سەربەخۆیە، نە کۆمەک لە حیزب و قەوارە سیاسییەکان، نە یارمەتیش لە حکومەت وەردەگرێت، بۆیە بەشێکی گەورەی سەرکەوتنی ئێمە لەم ئەزموونەدا لەلایەک وابەستەی بەشداری بەردەوامی خوێنەرەکانێتی بە کڕینی گۆڤارەکە و لەلایەکی ترەوە گرێدراوی کۆمەکی دارایی تاکەکەسی خەڵکانی فیکردۆستە. هەموو جۆرە بەشداری و پشتگیری و کۆمەکێکی ئێوەی ئازیز بۆ ئەم پرۆژە نوێیەمان، مانای بەردەوامی کارەکانی رەھەند و درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم پرۆژە نوێیەیە.


نێوەندی رەهەند